پێوەندیەکانی لاوان

 به‌شداری وه‌ڤدیكی لاوان له‌ کۆنسه‌ی جیهانی نێوده‌وڵه‌تی لاوانی سوسیالیست

 

یه‌کیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی لاوانی سوسیالیست له‌ شاری کۆرکی وڵاتی ئیرله‌ند کۆنسه‌ی جیهانیخۆی له‌ ڕێکه‌وه‌تی 2 و 3ی فێبروه‌ری پێک هێنا. وه‌ڤدێکی یه‌کیه‌تی لاوان که‌ پێکهاتبوو له‌ لوقمان ئه‌حمه‌دی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی یه‌کیه‌تی لاوان و چنوور خورشیدی له‌لایه‌ن یه‌کیه‌تی لاوانی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران له‌ وڵاتی نروژ به‌شداریان له کۆنسه‌ی جیهانی کرد.

کۆنسه‌ی جیهانی له‌ نێوان کۆنگره‌کانی یه‌کیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی لاوانی سوسیالیست د‌ه‌گیردرێت و ئه‌رکی په‌سه‌ندکردنی بڕیارنامه‌ و به‌رنامه‌ی کاری ئه‌و ڕێکخراوه‌یه‌. یه‌کیه‌تی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وه‌ک یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی ڕێکخراوی یه‌کیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی لاوانی سوسیالیست به‌شداری کۆنسه‌ی جیهانی کرد. شایه‌نی ئاماژه‌ پێدانه‌ که‌ 200 نوێنه‌ری ڕێکخراوه‌کانی ئه‌ندام له یه‌کیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی لاوانی سوسیالیست ئه‌م ساڵ به‌شداریان کرد له‌‌ کۆنسه‌ی جیهانی دا.

بابه‌تی سه‌ره‌کی کۆنسه‌ی جیهانی تاوتووێکردنی به‌رنامه‌ی سیاسی یه‌کیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی لاوانی سوسیالیست بۆ ساڵی پێشوو و ئه‌و ساڵ بوو. نوێنه‌رانی ڕێکخراوانی ئه‌ندام هه‌روها ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان پێ درا که‌ بۆچوون و پێشنیاره‌کانی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌شنووسی پرۆژه‌کانی یه‌کیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی لاوانی سوسیالیست ئاراسته‌ بکه‌ن.

له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوو ڕۆژه‌دا کۆمه‌ڵێک کۆبوونه‌وه‌، سیمینار، پانێل و چالاکی دوور و درێژ ئه‌نجام دران.

یه‌کێک له‌ پانێله‌کان ته‌رخان کرابوو بۆ بابه‌تی دێموکراسی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و ئه‌و گرفت و قه‌یرانانه‌ که‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ تووشیان بووه. لوقمان ئه‌حمه‌دی و نوێنه‌رانی ڕێکخراوه‌کانی لاوانی ئیسرایل، فه‌لستین و لوبنان له‌و پانێله‌دا له‌ ڕوانگه‌ی خۆیانه‌وه‌ مه‌سه‌له‌کانیان لێکدایه‌وه‌.

لوقمان ئه‌حمه‌دی له‌ قسه‌کانی خۆیدا ئاماژه‌ی به‌ ده‌وری تێکده‌رانه‌ی ئێران له‌ هه‌رێمه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین دا و تیشکی خسته‌ سه‌ر ئێران وه‌ک مه‌ترسیێکی گه‌وره‌ بۆ سه‌قامگیری ئاشتی هه‌م له‌ کاتی ئێستا و هه‌م له‌ داهاتوودا. به‌و پێیه‌، ئه‌حمه‌دی جه‌خته‌ی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ کرد که‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشانه‌ گۆڕینی ڕژیمه‌ له‌ ئێراندا به‌ پشتیوانیکردنی هێزه‌ دێموکراتیکه‌کان له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌. به‌ گشتی نوێنه‌ری لاوان دوو خاڵی سه‌ره‌کی به‌رجه‌سته‌ کرده‌وه‌:

1. ئێران نه‌ک ته‌نها ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ ده‌چه‌و‌سێنێته‌وه‌ که‌ له‌ نێۆ سنووره‌کانیدا ده‌ژین، به‌ڵکوو پشتیوانی فۆندامێنتالیزم و تێرۆریزمی ئیسلامی له‌ ئاستێکی جیهانیدا ده‌کا. پشتیوانی ئێران له‌ گروپگه‌لێکی تێرۆریستی وه‌ک حزبوڵا به‌ ڕوونی ئه‌وه‌ نێشان ده‌دا که‌ ئێران سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی ئاژاوه‌ و ناسه‌قامگیرییه‌ له‌ هه‌رێمی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین. ئێران هه‌روها به‌ تێکدانی دۆزی سیاسی ئێراق له‌ ڕاستیدا بووه‌ و‌ ته‌گه‌ره‌ی سه‌ره‌کیه‌ له‌ به‌رده‌م سه‌رکه‌وتنی دێموکراسی و سه‌قامگیریه‌ له‌ ئێراندا.

2. نوێنه‌ری لاوان هه‌روها ئاماژه‌ی به‌ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی له‌ کوردستانی ئێران له‌ ژێر سه‌رکردایه‌تی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دا و باسی هه‌وڵ و تێکۆشانی 61 ساڵه‌ی حیزبی دێموکرات کرد بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافی نه‌ته‌وایه‌تیی، سێکولاریزم و دێموکراسی. هه‌روها نوێنه‌ری لاوان جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ کرد که‌ حیزبی دێموکرات هێزێکی ستراتیژیکه‌ بۆ گۆڕینی ڕژیم و هێنانه ئارای نیزامێکی فێدرال و دێموکراتیک له‌ ئێراندا.

له‌ کۆتایدا له‌ په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ کار و چالاکییه‌کانی یه‌کیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی لاوانی سوسیالیست، نوێنه‌رانی لاوان چنوور خورشیدی و لوقمان ئه‌حمه‌دی سرنجی به‌شداربووانی کۆنسه‌ی جیهانییان ڕاکێشاو بۆ سه‌ر باری ژیانی ناخۆشی ئه‌و په‌نابه‌ره‌ کوردانه که‌‌ له‌ نێوان سنووری ئێراق و ئوردوندا گیریان کردووه‌. هه‌روها نوێنه‌رانی لاوان باسی په‌نابه‌رانی کوردستانی ئێرانیان له‌ تورکییه‌ کرد و داوایان له‌ نوێنه‌رانی ڕێکخراوانی ئه‌ندام له‌ یه‌کیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی لاوانی سوسیالیست کرد که‌ مه‌سله‌ی په‌نابه‌ره‌ کورده‌کان له‌ وڵاتانی خۆیاندا به‌رجه‌سته‌ بکه‌نه‌وه‌.

کۆنسه‌ی جیهانی به‌ وتارێک له‌ لایه‌ن سه‌رۆکی یه‌کیه‌تی نێونه‌ته‌وه‌ی لاوانی سوسیالیست به‌ڕێز فیکیله‌ مابولا کاتژمێری 7 ئێواره‌ی 3ی فێبروه‌ری سه‌رکه‌وتوانه‌ کۆتایی پێهێندرا.

یه‌کیه‌تی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران / کۆمیسیۆنی په‌یوه‌ندی‌یه‌کان

سه‌ره‌تای باسه‌که‌م‌


دواترین | په‌ڕگه‌ی 318 له‌ 373 | ‌په‌ڕگه‌ی ڕابردوو