خومه‌ینی و هۆڵی پێشه‌وا
به‌یانی کاتێک بۆ پشوودانێکی نیوسه‌عاته و خواردنه‌وه‌ی قاوه‌یه‌کی تاڵی برێزیلی چوومه قاوه‌خانه‌که‌ی (قاوه‌خانه!) زانکۆ، هه‌ر له دووره‌وه چاوم به ئاراس که‌وت که لاپتۆپه‌که‌ی هه‌ر وه‌ک هه‌میشه له‌به‌ر ده‌م بوو! ئاشکرایه که که‌سێکی ئاوا خه‌به‌ری له چوار گۆشه‌ی دونیا هه‌یه! ده‌ستم له شێوه‌ی په‌رداخێک به قه‌ولی خۆیان، بۆ ده‌مم برد و به‌و مه‌به‌سته که قاوه ده‌خوا یان نا؟ که دیاره هیچکات وه‌ڵامی "نا" ناداته‌وه و پرسیاره‌که‌ی منیش بێهووده بوو! به‌هه‌ر حاڵ قاوه‌یه‌کی تاڵم به‌خێری خۆم له‌پێش دانا و ئه‌و جار به بزه‌یه‌که‌وه وتی با منیش هه‌واڵێکی تاڵترت بده‌مێ! وه‌ڵامم دایه‌وه که جه‌نابم خووم به‌هه‌واڵی تاڵ گرتووه، جارێ قومێک له قاوه‌که‌ت بده ئه‌و جار بێژه
به‌راستی به‌راستی هه‌واڵه‌که‌شی تاڵ بوو، یادکردنه‌وه‌ی ساڵرۆژی گۆر به گۆر بوونی خومه‌ینی خوێنمژ‌و دژی کورد، له هۆڵێک به ناوی هۆڵی پێشه‌و واته پێشه‌وای کورد قازی محه‌ممه‌دی نه‌مر له هه‌ولێر! ئه‌م هه‌واڵه بۆ ئێمه‌ی کوردی رۆژهه‌ڵات و بێ‌شک بۆ هه‌ر کوردێکی نیشتمانپه‌روه‌ر هه‌تا سه‌ر ئێسقان ناخۆش و جه‌رگبڕ بوو! یاد کردنه‌وه‌ی خومه‌ینی جه‌للاد له هه‌ولێر ده‌توانێ هێندێک په‌یامی دیکه‌ی له سه‌ر حیسابی کوردی ئێران هه‌م بۆ رێژیمی ئاخوندی و هه‌م بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردی عێراق هه‌بێ! له‌راستیدا ئه‌م جۆره کرده‌وانه چاوه‌روان نه‌کراو نین له کوردستانی عێراقدا، چوونکه ئه‌وه پیشه‌ی ئه‌وانه و قه‌تیش ناتوانن ته‌رکی بکه‌ن! ئه‌وان هیچ کات ئاماده نه‌بوون که ئه‌وه قه‌بووڵ بکه‌ن که ئێرانیش هه‌روه‌ک یه‌کێک له‌و رێژیمانه‌یه که مافی کوردان پێشێل ده‌کات، خه‌ڵکی بێ‌دیفاع قه‌ڵاچۆ ده‌کات، کوردستانی میلیتاریزه کردووه، ته‌نانه‌ت سنووری به‌ناو حکوومه‌ته‌که‌ی ئه‌وانیش ده‌به‌زێنێ و خه‌ڵکه‌که‌ی ئه‌ویش ده‌کووژێ و مووچه‌و مه‌زرای هاووڵاتیان ده‌داته به ره‌هێڵی تۆپ و خۆمپاره و ده‌یان و سه‌دان رووداوی دیکه‌ی له‌م بابه‌ته که به رۆژی رووناک رووده‌ده‌ن! ئه‌وان باش له‌مه‌ش ئاگادارن که رێبه‌رانی ئێمه به‌ده‌ست ئه‌م جه‌للاد و ترۆریستانه‌ی ئاخووندی ترۆر کراون! به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وان دۆستی دوژمنه‌که‌مان و نامۆ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ن. پێشه‌وا زۆر له‌وه مه‌زنتره که هۆڵ و مزگه‌وتی به‌ناو بکه‌ن، ئه‌و مرۆڤێکی دێموکرات و پێگه‌یشتوو و تێگه‌یشتوو و پێشه‌وای کوردان بوو، دژی زۆڵم و زۆری و هه‌رجۆره داگیرکه‌ریه‌ک بوو! بۆیه باشتره ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستانی عێراق هه‌تا دره‌نگ نه‌بووه ناوی پێشه‌وا له‌سه‌ر ئه‌م هۆڵه لابه‌رن و چوونکه ئێمه له‌مه زیاتر بێحورمه‌تیتان لێ قه‌بووڵ ناکه‌ین و ئه‌گه‌ر رێز له‌خۆتان ناگرن، بێ رێزی به پێشه‌وایانی ئێمه مه‌که‌ن
هیوادارم ئاراس جارێکی دیکه نه‌داوای قاوه‌ی تاڵم لێ‌بکات و نه هه‌واڵی تاڵیشم بداتێ