بەهار وەرزی نوێ بوونەوە
چەند ڕەنگین و دڵرفێنە ئەم بەهارە، بە بوونی تۆیە، بۆیە ئەم ژینەم لا شیرینە! وەرزی بەهار و مانگی خاکەلێوە پرە لە رووداوی گرینگی مێژووی و ئێمەی کوردیش بە هەموو خۆشی و ناخۆشیەکانییەوە را هاتووین! نەورۆز جەژنی نەتەوەی گرنگی تایبەتی خۆی هەیە و لەو رۆژەدا هەمووی ئێمە بە بۆنەی رۆژی نوێ و ساڵی نوێوە جەژن دەگرین و خۆشی دەگێرین! بەڵام دەی خاکەلێوە ئەگەرچی رۆژێکی تاڵ و لە هەمان کات دا میژووییە بۆ گەلی ئێمە، کە پێشەوا قازی هەمیشە زیندوو لە سێ دارە درا و رێبازە پیرۆزەکەی بە رێبوارانی بە ئەمەگی و لاوانی نیشتمان پەروەر سپارد، دەبێ بڵێم کە گرینگترین رووداویشە لە مێژووی ژیانی پر هەوراز و نشێوی منیش دا! دە ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی دەی خاکەلێوە دا تەنها ئاواتی ژیانم کە زۆر جار و بەر لەم رێکەوتە هەڵکەوتەدا لەگەڵ هاورێ نێزیکەکانم باسم دەکرد هاتە دی! ئاواتم ئەوە بوو کە هەر لە تەمەنی لاویدا پێی بگەم، بەڵام نەک هەر بە هەموو نرخێک! لەوانەیە کە هێندێکیش پەلەم کردبێ و شایەد بە وتەی یەکێک لە هاورێ خۆشەویستەکانم بۆ بنیادنانی ئەم ژینە و لەو کات و ساتە دا زوو بووبێ! ئەگەر چی هەر نکۆڵیم لێ دەکرد، بەڵام
ئەلحەق حەق بە هاورێکەم بوو لەو زەماندا! چوونکە مرۆڤ لە تەمەنی ژیانی دا پێویست ناکا بۆ ئەنجامدانی هێندێک کار پەلە بکات! هاورێیەکی تێکۆشەر کە دەستی شێعر نووسینی هەبوو و بە داخەوە چووە ناو رێزی کاروانی شەهیدانی سەربەرزی گەل لە کومیتەی سپی سەنگ لە ناوچەی پیرانشار، کە هۆنراوەکانی لە گۆڤاری لاوان دا بڵاو دەبوونەوە، نووسیبووی: مرۆڤ رۆژێک پێ دەنێتە بەلەمی ژیان و رۆژێک دەمرێ، گرینگ نیە کە چۆن لەدایک دەبێ و چۆن دەمرێ، موهیم ئەوەیە کە مەودای نێوان ژیان و مەرگ چۆن تێپەر دەکا! دەی خاکەلێوە ساڵرۆژی لە دایکبوونی ئاریا جگەرگۆشەی خۆشەویستمە! ئاواتی سەربەرزی و سەرکەوتنی لە پەنا بنەماڵە دا و لە ژیان دا بۆ دەکەم.