دەی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی سەربەرزی گەل
پێشەوای کورد به وتە مێژوویهکهی خۆی" ئێوە ئەمرۆ قازی محەممەدێک لەدار دەدەن، بەڵام سبەینێ هەر رۆڵەیەکی کورد بۆخۆی قازی محەممەدێکە" لەبەردەم دادگای نیزامی دیکتاتۆری رێژمی شای خوێنرێژ ئامۆژگاری دەداتە رۆڵەکانی گەلی کورد کە خۆیان بۆ رووبەروو بوونەوە بە هەر زۆڵم و زۆردارییەک لە لایەن داگیرکەران و دوژمنانی وڵاتەکەمان، ئامادە بکەن! ئەمە فتوا نەبوو، بەڵکوو وشیارکردنەوەی نەوەکانی داهاتوو بوو کە خۆیان بە پەروەردە و فێرکرنەوە خەریک بکەن و بە کەڵک وەرگرتن لە زانست و سیاسەتی سەردەم وڵاتەکەیان بپارێزن! پاش شەست و یەک ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی پێشەوا و هاورێیانی دا گەلی کورد لێبراوانه، بەتایبەت لە کوردستانی ئێران بە رێبەرایەتی حیزبی خۆشەویستی خۆیان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ وەدەست هێنانی ئامانجە رەواکانیان درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن
پێشەوا فێری کردین کە خۆراگر بین، هەر وەک چۆن ئەو وەفادار مایەوە و بۆ پاراستنی گەلەکەی و بۆ ئاگادار کردنەوە لە سیاسەتی دژی گەلییانەی زۆرداران گیانی خۆی فیدا کرد. پێشەوا سەمبوولی خۆراگری و نەبەردی گەلی ئێمەیە! پێشەوا درێژەی بە شۆرشێک دا کە دەیزانی ئامانجی هەیە و رۆژێک بەدی دێ کە ئەو ئامانجە کە هەمان رزگاری وڵاتەکەمانە لە چنگ درندەیی رێژیمە دیکتاتۆرەکان، بەدی دێت! یادی دەی خاکەلێوە یادی هەموو ئەو رۆڵە فیداکارانەیە کە بۆ پاراستنی گەل و خاکی کوردستان گیانیان بەخت کرد، یادی هەموو ئەو شەهیدە سەربەرزانەیە کە باوەریان بە کورد و بە خاکەکەیان هەبوو، یادی ئەو رۆڵە قارەمانانەیە کە بە فیدا کردنی تەنها سەرمایەی ژیانیان، بە دووژمنانیان سەلماند کە گەلی کورد هەر زیندووە و ئاڵای شەکاوەی شۆرشەکەمان قەت لە شەکاوە بوون راناوەستێ! بەرز و پیرۆز بێ یادی پێشەوای کورد و هاورێیانی! نەمان بۆ دووژمنانی گەلەکەمان