من پێشمه‌رگه‌م
بە بۆنەی هاتنی 26ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان

من پێشمه‌رگه‌م
من شۆره‌سوارێكم وچانم نییه
هه‌ناسه‌ی رێبوارێكی ماندوونه‌ناسم
من بیناییم
تارمایی شه‌وه‌زه‌نگی بێ ئه‌ستێره ده‌ره‌وێنمه‌وه
من وزه‌م
هه‌نگاوی ئه‌ویندارانی سه‌ربه‌ستی وڵاته‌كه‌م به‌گوڕتر و قایمتر ده‌كه‌م
من چریكه‌م
حه‌ماسه خوڵقێنی بێ پسانه‌وه‌ی هاواری گه‌لێكی ماف خوراوم
من سارۆم
پێشه‌نگی كاروانێكی نه‌حه‌ساوه‌م
من پێشمەرگەم
ڕۆڵه‌ی نیشتمانێكی له‌ت له‌ت و داگیر كراوم
من ئاگریم قه‌ندیلم شاهۆم
له‌جێی خۆم گورج و قاییم راوه‌ستاوم
من دره‌ختێكی باڵابه‌رزم
نه ڕه‌شه‌با ڕامده‌چڵه‌كێنێ و نه تۆفانی داپڵۆسێنه‌ر
من گورجوگۆڵم
نه به‌سته‌ڵه‌ك وشكم هه‌ڵدێنێ و نه به‌فری زستانی تووش
من هەڵۆی بەرزەفرم
ئاسۆی روون ده‌بینم و موژده‌ی ئازادی دێنم
من پێنووسم
تابلۆی داستانی ئه‌م شۆڕشه‌م به خه‌تی زێڕین ده‌كێشمه‌وه
من مێژووم
بیره‌وه‌ری‌یه‌كانی پێشمه‌رگایه‌تیم بۆ نه‌وه‌كان ده‌گێرمه‌وه
ئه‌میـــــر ســوڵتانی 26ی سەرماوەز 1385