رووی دزێوی "بازرگان" فه‌رهادی تیرۆریست ئاشکرا بوو!
رووی دزێوی بازرگان فه‌رهادی تیرۆریست ئاشکرا بوو!
زۆر جێی دڵخۆشییه که سه‌ره‌نجام رووی دزێوی بازرگانه میوانه‌که‌ی سلێمانی بۆ هه‌موو لایه‌ک ئاشکرا بوو! وه‌ک ده‌رده‌که‌وێ تیرۆریست مه‌حموودی فه‌رهادی فه‌رمانده‌ی قه‌رارگای عه‌مه‌لیاتی زه‌فه‌ر سه‌ر به سوپای قودسه و له‌ماوه‌ی ئه‌م دوو ساڵه‌ی دوای رێژیمی به‌عس له عێراق دا سه‌رپه‌رستی کاره‌تیرۆریستی‌یه‌کانی دیاله و هه‌رێمی کوردستانی کردوه! ناوبراو بنکه‌ی له کوردستانی عێراق (پارێزگای سلێمانی) دا هه‌بووه!
به‌م پێ‌یه تیرۆریست فه‌رهادی له لایه‌ن سه‌رانی حکوومه‌تی کوردستان به‌تایبه‌تی یه‌کیه‌تی نیشتمانی مۆره‌یه‌کی ئاشنا بووه و ئه‌وان بێ‌شک ئاگاداری جموجۆڵه‌کانی فه‌رهادی بوون! هیچ گومان نی‌یه که به‌رپرسان له سلێمانی هه‌میشه باوه‌شی گه‌رمیان بۆ کردۆته‌وه و ئاسانکاریشیان بۆ کردووه، له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا حه‌تمه‌ن ئه‌وانیش پاداشی خۆیان وه‌رگرتووه. له خۆرا نی‌یه که جه‌لال تاڵه‌بانی چه‌ندین جار داوای له ئه‌مریکی‌یه‌کان و ته‌نانه‌ت جۆرج بووش‌یش کردووه که بازرگانه میوانه‌که‌ی هه‌رێمی کوردستان ئازاد بکه‌ن! جه‌نابی تاڵه‌بانی و سه‌رۆکایه‌تی حکوومه‌تی کوردستان فه‌رموویانه که ئه‌مریکی‌یه‌کان سه‌روه‌ری هه‌رێمی کوردستانیا‌ن پێشێل کردووه که به بێ ئیزنی ئه‌وان میوانی موحته‌ره‌می ئه‌وانیان قۆڵ‌به‌ست کردووه!
به‌ڵام تیرۆریست و تیرۆریست په‌روه‌ران رۆژ نی‌یه که له‌ژێر فه‌رمانی ئاخونده تیرۆریسته‌کانی ئێران، له هه‌رێمی کوردستانه‌وه سه‌رپه‌رستی کاره دزێوه‌کانی ته‌قاندنه‌وه نه‌که‌ن و کۆمه‌ڵێک له خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و لێقه‌وماو به شێوه‌ی جۆراوجۆر نه‌کوژن! ئه‌مه‌یان پێشێل کردنی سه‌روه‌ری ده‌سه‌ڵاتی کوردستان و حکومه‌ته‌که‌ی نی‌یه!
بۆچی حکومه‌تی ئاخوندی و ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد داوای ئازاد کردنی تیرۆریست و پاسدار فه‌رهادی ده‌که‌ن؟ وه‌ڵامی درووستی ئه‌م پرسیاره ده‌بێ له راستی دا و به درووستی سه‌رۆکی عێراق که زۆری بۆ په‌رۆشه (ئه‌م ماسته بێ موو نی‌یه) و ده‌سه‌ڵات داران له سلێمانی بیده‌نه‌وه!
له به‌یاننامه‌یه‌کدا که موجاهیدینی خه‌ڵک له‌مه‌ر ئه‌و تیرۆریسته‌وه ده‌ری کردووه، پاسدار فه‌رهادی به‌رپرس بووه له كرده‌وه تیرۆریستییه‌كانی کۆماری ئیسلامیی ئێران له هه‌رێمی كوردستان و به تایبه‌تیش سه‌رکردایه‌تیی ئه‌و تیرۆرانه‌ی کردووه که له دژی حیزبه کوردییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا ئه‌نجام دراون!
له دوای ئازاد بوونی کوردستانی عێراق له چنگی حکوومه‌تی به‌عس له ساڵی 1991 دا، زیاتر له دووسه‌د کوردی ئاواره و شۆرشگێری ئێران که زۆربه‌یان ئه‌ندام و لایه‌نگری حێزبی دێموکرات بوون، له‌لایه‌ن تیرۆریسته‌کانی سه‌ر به کۆماری ئیسلامی ئێران شه‌هید بوون! ئه‌م کرده‌وه تیرۆریستیانه له به‌ر چاوی خه‌ڵک و سه‌رۆکه‌کانی کورد له هه‌رێمی کوردستان دا به سه‌رپه‌رستی خائین فه‌رهادی و ئه‌مسالی وه‌ک ئه‌و ئه‌نجام دران، به‌ڵام سه‌رۆکه‌کانی کورد هه‌میشه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م کرده‌وه ناشیرینانه‌دا بێده‌نگ بوون! ته‌نانه‌ت بۆ جارێکیش ئێرانی ئاخوندیان ئاگادار نه‌کرده‌وه و ئه‌م تیرۆرانه‌شیان ئیدانه نه‌کرد! له راستی دا و به داخه‌وه ئه‌وان خانه‌خوێیه‌کی باش و به وه‌فا بۆ تیرۆریستان بوون!
ئێستا فه‌رهادی‌ی تیرۆریست گیراوه و ئاشکرا بووه که ناوبراو کێ‌یه و چکاره‌یه! پاشان پرسیارێکی تر ئه‌وه‌یه که داخوا ئه‌م جاره‌یان هه‌ڵوێستی حکومه‌تی کوردی و سه‌رۆکه‌کانی کوردی عێراق چی ده‌بێ؟ ئه‌وان دڵسۆزی یه‌کیه‌تی و برایه‌تی و پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی عێراقن یان ئه‌مریکی‌یه‌کان؟ زۆر شتی تریش ...!