15هه‌مین سالرۆژی تیرۆری ناجوامیرانه‌ی شه‌هیدانی به‌رلین

به‌ بۆنه‌ی 15هه‌مین سالرۆژی تیرۆری ناجوامیرانه‌ی شه‌هیدانی به‌رلین

15 سال پێش حکوومه‌تی دژی ئازادی و سه‌ره‌ڕۆی کوماری ئیسلامی ،کاتێک زانیان له‌ ناو هه‌لومه‌رجی دژواری ناوچه‌که‌ و ئاڵوگۆڕه‌کانی گرینگی جیهانی دا، له‌ بارۆدۆخی زۆر ناله‌باری زاڵ به‌ سه‌ر کوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتدا، پاش شه‌هید بوونی ڕێبه‌ری لێهاتی کورد قاسملوی نه‌مر، نه‌خشی پێشره‌وی حیزب و جوڵانه‌وه‌ لێزانانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات و به‌ هه‌ڵمه‌ت و ته‌نگژه‌ پێشی پێ ناگیرێت و ده‌رفه‌ته‌کان ده‌قۆزێته‌وه‌ تا بیانکاته‌ واقعیه‌ت، تیمی تیروریان بۆ نارد تا به‌ شه‌هید کردنی ئه‌و، خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بۆ ڕزگاری ڕاگرن
کاتێک زانیان که‌لێنی گه‌وره‌ی جێگای قاسملوی ماموستا به‌ ئیراده‌ و قاتعیه‌ت و مودیریه‌ت و ئیمان پڕ ده‌کاته‌وه‌ و قۆڵی هه‌ڵماڵیوه‌ تا بێ قاسملویی به‌ قه‌ڵافه‌تی حیزب و گه‌لدا دیار نه‌بێت و چاوی هیوای بڕیوه‌ته‌ شاخه‌ به‌رز و چڕه‌کانی کوردستان تا بیانکاته‌ سه‌نگه‌ری به‌رگری و خۆڕاگری، له‌ سه‌ر ئه‌مری وه‌لی فه‌قیهی و سه‌رۆک کۆمار هاتن به‌ ده‌ستی هاوپێوه‌ندی تیروریسته‌کانی ئێرانی لوبنانی، سینگی پڕ له‌ هیوا و هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ریی ئه‌و سه‌رکرده‌ مه‌زنه‌یان وه‌ به‌ر ده‌ستڕێژ داو دڵیان له‌ لێدان خست.
کاتێک زانیان دوکتور سه‌عید ڕوحێکی به‌رزی شوڕشگێڕ، پێشمه‌رگه‌یه‌کی وه‌فاداری کوردستان و ڕێبه‌رێکی لێهاتویه‌ و تا گه‌ییشتن به‌ ئازادی کۆڵ نادات و ناکه‌وێته‌ که‌مینی خه‌ون و پیلان و ئاواته‌کانیان، کۆماندۆی مه‌رگیان نارد تا له‌ وڵاتی گۆته‌ و کانت دا له‌ به‌ر چاوی جیهانی کڵوڵ له‌ ئاست سامانی ئوروپا، له‌ سه‌ر خوانی چه‌ند به‌ ناو هاووڵاتی غه‌یری‌ کورد دا گوڵبژێرانه‌ کورده‌کان دروێنه‌ بکه‌ن.
پازده‌ ساڵ پیش ئێستا له‌ وه‌ها ڕۆژێکدا، که‌ ورده‌ ورده‌ خه‌زانی سروشت ده‌ستی پێ ده‌کرد، سێ گۆڵی سوری به‌هاری خه‌باتی کورد که‌وتنه‌ به‌ر لافاو و گژه‌بای توڕه‌ی گیان و ژین هاڕێنی خودایانی مه‌رگ و تاریکی و  وه‌ک هه‌زاران کوردی ئازادیخواز گیانی پیرۆزیان بوو به‌ قوربانی ڕزگاری نیشتمان.

دوکتور سه‌عیدی ڕێبه‌ر چون به‌ زیندویی ته‌مه‌نی له‌ ڕێگای ڕزگاری نیشتمان و گه‌ییشتن به‌ ئازادی برده‌ سه‌ر، به‌ شه‌هید بوونیشی ڕه‌وا بوون و حه‌قخوازانه‌ بوونی نه‌ته‌وه‌ی کورد و سه‌ره‌ڕویی و مروڤ کوژ بوونی داگیرکه‌رانی کوردستانی به‌ جیهان سه‌لماند.

دادگای میکونوس یه‌که‌م پڕۆسه‌ی قه‌زایی جیهان بوو که‌ سه‌رکرده‌ و به‌رپرسانی پله‌ یه‌کی وڵاتێک به بڕیارده‌ر و به‌ڕێوه‌ به‌ری تیروری برلین ده‌ناسێنێ.
سلاو له‌ گیانی پاکی شه‌هیدان، د. سادق شه‌ره‌فکندی، کاک فه‌تاح عبدولی، و کاک هومایون ئه‌رده‌لان و هه‌موو شه‌هیدانی ڕیگای ڕزگاری کورد و کوردستان

بڕوخی ڕژیمی ئاخوندی ئیران

به‌شی راگه‌یاندنی کومیته‌ی سوئید

سه‌ره‌تای باسه‌که‌م‌


دواترین | په‌ڕگه‌ی 79 له‌ 373 | ‌په‌ڕگه‌ی ڕابردوو