پێش نوێژی بەیانی کێیە!
پێش نوێژی بەیانی کێیە!
ئەگەر رۆژێک پرسیاریان کرد کە کێ دەمڕاستی تاقمی حەسەنزادە-رەستگارە دەبێ بوترێ، هەر کەس بەیانی زوو لەخەو هەستا، پێشنوێژی ئەو رۆژە لە ئەستۆی ئەوە! ئەوەش وای کردووە کە ئاگایان لە لێکدانەوەی و شیکردنەوەی حەدیسەکان- ی یەکتر نەبێ و هەر کەس بەپێی ئەو بڕە کۆلکە سەوادە ژەنگاوییە و بیرە کۆنە کە قەت بۆ جارێکیش نوێ نەکراوەتەوە، لێکیان بداتەوە! یەکێک لەو کەسانە مام جەلیل گادانییە کە نان لە کوێ بێ سڵاوات لە دیداری ئەوێ لێدەدا!
لەم رۆژانەدا لە وتووێژێک لەگەڵ رۆژنامەی ئاوێنەدا مام جەلیل ئەوەی رەت کردەوە کە گۆیا لە گەڵ پژاک دا کۆبوونەوەیان لە ئاستی باڵادا هەبووە و ووتی ئەوە درۆیەکی هەڵبەستراوە! پێیان وابووە کە کەین و بەینەکانیان لەگەڵ پژاک دا دەشاردرێتەوە و پاشان کە لێیان لەقاو دەدرێ بە ناچار هەر بۆخۆشی بە رێنێسانس نیوزی راگەیاند کە بەڵێ کۆبوونەوە لە ئاستی باڵادا هەبووە بەڵام ئەو ئاگای لە چۆنییەتی و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە نەبووە. دەنگ زلی نێو خاڵی!
مام جەلیل زۆر دەڵێ و کەم تێدەگا! ماوەیەکیش لەمەوبەر لە زنجیرە وتووێژێک دا لەگەڵ کەسێکدا کە خۆی بە خوێندکار ناساندبوو چەند کەللە قەندێکی شکاندبوو! لە وتووێژەکاندا مام جەلیلی خانەنشین و حەکایەتخوانی شەوانی گۆشەی تەکیەی مەلا و خۆهەڵکێشی بێ دەسەڵات، لە هیچ جۆرە بێحورمەتییەک بە رێبازی حیزبی قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی و تەنانەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خۆی نەپاراستووە!