سەرنجێک لەمەر روونکردنەوەیەک!
سەرنجێک لە مەر روونکردنەوەکەی رێنێسانس نیوز، سەبارەت بە وێنەی مووعتادەکانی ماددە سڕکەرەکان!
جێی خۆشحاڵیە کە رێنێسانس نیوز هاتە سەر ئەو باوەرەی کە بۆ جارێکیش بێ قسەی خوێنەرانی قەبووڵ کرد و پەیامنێر یان پەیامنێرەکانی کە کەس نازانێ کێن و چکارەن و لە کوێ خوێندوویانە و بە چ پێوانەیەک کار دەکەن! چۆن رۆژنامەیەکی ئەلێکترۆنی کە خوێنەرێکی زۆری هەیە پەیامنێری ساختەچی هەبێ و درۆ نەک لەگەڵ رۆژنامەکەی بڵکوو لە گەڵ تەواوی خوێنەران و بەگشتی کورد بکات!
رێنێسانس نیوز کە دەنووسێ پاش چەند جار تەئکید کردنەوە لە پەیامنێرەکە، ئێنجا وێنەکانیان دانا و بەم پێیە بەداخیشە لەوەی کە ئەو کارەساتە لە بۆکان رووی داوە(دیارە ئەمە حاشا هەڵنەگرە کە نەک هەر لە بۆکان، بەڵکوو لە تەواوی شارەکانی کوردستانی ئێران و تەنانەت بەداخەوە لە کوردستانی عێراقیش کەڵک وەرگرتن لە ماددە سرکەرەکان بۆتە عادەت) هاتووە لە پێشدا بە ناوی پەیامنێرەکەوە کە سەرچاوەی شاکارەکەیە! داوای لێبوردن لە خوێنەران دەکات! کە من پێم وایە کە دەبوایە داوای لێبوردنیان لە خەڵکی بۆکان بەتایبەتی کردبایە، ئەمجار کوردستان و خوێنەران! دیارە ئێمە هەموومان کوردین و بە گشتی کێشەکانمان هاوبەشە! بەڵام خەڵکی بۆکان وەکوو (شار)، هەروەک گشت شارەکانی دیکەی کوردستان شانازی بە شاری خۆی دەکاو نایهەوێ ناوی بکەوێتە سەر زاران و بە چاوێکی سووک تەماشای بکەن و لاتاوی پێدادەن!
رێنێسانس نیوز دەیتوانی بەشێوەیەکی دیکە لەو بابەتە بدوێ، هەموو هەواڵێک بۆ دەهۆڵ کوتان نابێ! بە بڵاو کردنەوەی ئەم وێنانە شتێکی سەیر و نوێ کەشف نەکراوە، هەر کوردێک و ئێرانییەک ئاگاداری ئێعتیاده، هەمووش لە ناوخۆی وڵاتدا شاهیدی ئەم دیاردە دزێوەن، هەواڵی سەرنجراکێشتر لەم وێنانە بە گوێ دەگەن! رۆژنامەنووس دەبێ لەسەرەخۆ، وردبین و واقێعبین بێ! دیارە حاشا لەم وێنانە ناکرێ، پێم وایە دەبێ زیاتریش بڵاو بکرێنەوە هەتا سەرنجی گشت لایەک و کۆروکۆمەڵی نێودەوڵەتی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤ لەم کارەساتە دڵتەزێنە، رابکێشرێت!