سەرکەوێ بزاڤی خوێندکاران
بە بۆنەی رۆژی خوێندکاری کوردەوە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی ئاراستەی گشت خوێندکاران، بەتایبەت خوێندکارانی دێموکرات دەکەم. لە راستی دا ناودێرکردنی رۆژێک (12ی بانەمەر) وەک رۆژی خويندکار، رێزلێنانە لە هەموو ئەو خوێندکارانەی کە گیانیان فیدای کوردستان و ئامانجەکانی گەلی کورد کردووە! هەروەها رێز لێنانە لەو خوێندکارە تێکۆشەرانەی کە ئەمرۆ لە ناوخۆی ووڵات دا و لە خوێندگا و زانکۆکاندا ئارام دانانیشن و لە هەر جۆرە چەکێکی مەنتیق بۆ بەگژ داچوونەوەی داگیرکەرانی بێ مێشک و بێسەوادانی تاریکبین کەڵک وەردەگرن و تووندوتۆڵ و بوێرانە ناوی پیرۆزی خوێندکاریان بەرز راگرتووە.
ناوی خوێندکار لە وڵاتی ئێمەدا بۆتە چقڵی چاوی شەوپەرستانی سەرکووتکەر، خوێندکاری کورد لە هەر فرسەتێک کە بۆی هەڵکەوێ بۆ هێنانەدی داخوازەکانی لە هیچ کەندوکۆسپێک سڵ ناکاتەوە!
ئەمرۆ خوێندکارانی ئێران وە بەتایبەتی خوێندکارانی کورد، ئەگەرچی لە زانکۆکاندا رێکخستنێکی رێکوپێکی تەشکیلاتیان نەبووە، بەڵام دەنگی نارەزایەتی خۆیان هەمیشە هەڵبریوەو ملکەچی داخوازەکانی رێژیمی مەلاکان نەبوون.
سەرکەوێ بزاڤی خوێندکاری کورد، بروخێ رێژیمی دژی ئازادی ئێران!