ڕاگه‌یاندن

ڕاگه‌یاندنی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان د‌ه‌رباره‌ی کوشتنی دوعا


کوشتنی خاتوو (دوعا) تراژیدیایه‌کی گه‌وره‌یه ‌بۆ خێزانه‌که‌ی و گشت کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان. ئه‌مه ‌تاوانێکه‌ هیچ پاساوێکی ئایینی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایدیۆلۆژی قه‌بوڵ ناکات....
 حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئه‌م كوشتنه ‌وه‌ک دیارده‌یه‌کی توندوتیژی ده‌بینێت، که‌ ‌ڕه‌نگدانه‌وه‌ی راسته‌وخۆی سیاسیه‌تی جۆرێک له ‌کوشتارکاریه ‌که‌ ‌له ‌کوردستان و عێراقدا پیاده‌کراوه‌. پاشماوه‌ی دیدو بۆچونێکه ده‌بێت پێکه‌وه کۆتایی پێبهێنین.
 سزای یاسایی تاوانباران لایه‌نێکی سه‌ره‌کیه‌ بۆ کارکردن دژی ئه‌م جۆره‌ تاوانه‌. ده‌بێ هه‌رکه‌سێک راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ به‌شداری کردوه‌ له‌ تاوانی کوشتنی (دوعا) به‌زووترین کات به‌سزای یاسایی خۆی بگات. حکومه‌تی هه‌رێم داوا له‌ده‌زگاکانی حکومه‌تی فیدراڵ ده‌کات به‌زووترین کات ئیجرائاتی پێویست له‌وناوچه‌یه‌ وه‌ربگرێت ‌که‌ تاوانه‌که‌ی تێیدا ئه‌نجام دراوه‌. هه‌رچه‌نده ‌شوێنی ئه‌نجامدانی تاوانه‌که ‌له ‌ناوچه‌یه‌کدایه ‌تا ئێستا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان، ده‌زگاکانی حکومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌ن هاوکاری له‌م پرۆسه‌یه‌دا بکه‌ن.
 حکومه‌تی هه‌رێم له‌ساڵی 2002 دا یاسای (شه‌ره‌فپارێزی) عێراقی له‌هه‌رێمی کوردستاندا هه‌موارکرد. بۆ نموونه‌ تائێستا 29 که‌س له‌هه‌ولێرو 11 که‌س له‌دهۆک ‌سزا دراون، 17 که‌س له‌هه‌ولێر و 7 که‌س له‌دهۆک له‌پرۆسه‌ی دادگایی دان و ‌چاوه‌روانی بڕیاری دادگا ده‌که‌ن.
حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێی وایه ‌که‌گۆڕینی یاسا و سزا به‌ته‌نها ناتوانن کۆتایی به‌م دیارده ‌نه‌شازه ‌بهێنن. حکومه‌ت و رێکخراوی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و لایه‌نی ئایینی و تاکه‌که‌س ده‌بێت پێکه‌وه‌کار بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دیارده‌ی توندوتیژی، به‌تایبه‌تی دژی ئافره‌ت، له‌کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا نه‌مێنێت
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئیدانه‌ی کوشتنی (دوعا) ده‌که‌ین، له‌هه‌مان کاتدا دژی به‌کارهێنانی ئه‌م ڕووداوه‌ین ‌بۆ ئاژاوه‌نانه‌وه ‌له‌نێوان پێکهاته‌کانی گه‌لی کوردستاندا. له‌پاش ئه‌م رووداوه ‌هێرش کردنی ناحه‌قانه ‌و کوێرانه‌ی دژی هه‌ندێک له‌ کورده ‌ئێزیدیه‌کان له‌چه‌ند بوارێکدا زه‌نگی ئاگادارکردنه‌وه‌یه ‌بۆ ئێمه. ده‌بینین هه‌ندێک لایه‌ن ئاماده‌ن رووداوێکی تراژیدیای واگه‌وره‌ بۆ مه‌به‌ستی ئاینی، سیاسی، ئایدیۆلۆژی یان کۆمه‌ڵایه‌تی به‌کاربهێنن. حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌م جۆره‌کارانه ‌مه‌حکوم ده‌کات و به‌گشت توانایه‌وه‌ رێیان لێ ده‌گرێت
 حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، سه‌ره‌ڕای دووباره ‌ده‌ربڕینی خه‌مباری خۆی به‌رامبه‌ر به‌کوشتنی (دوعا)، سوپاسی ئه‌و ده‌زگاو رێکخراوو که‌سانه ‌ده‌کات که بێ باکانه‌و به‌رده‌وام کارده‌که‌ن ‌بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و جۆره ‌دیارده‌یه له‌کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا نه‌مینێت.
 خالید ساڵح ووته‌بێژی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان

سه‌ره‌تای باسه‌که‌م‌


دواترین | په‌ڕگه‌ی 203 له‌ 373 | ‌په‌ڕگه‌ی ڕابردوو