بانگه‌واز

بانگه‌واز بۆ به‌شداری‌ له‌ میتینگێك دا به‌بۆنه‌ی‌ 10یه‌مین ساڵیادی‌ ده‌رچوونی‌ حوكمی‌ دادگای‌ میكۆنوټوس

كوردستان میدیا: كومیته‌ی‌ پێكهێنانی‌ رێوڕه‌سمه‌كانی‌ ده‌یه‌مین ساڵرۆژی‌ ده‌رچوونی‌ حوكمی‌ دادگای‌ میكۆنووس له‌ بێرلین به‌بۆنه‌ی‌ تێپه‌ڕینی‌ ده‌ ساڵ‌ به‌سه‌ر ده‌رچوونی‌ حوكمی‌ مێژوویی‌ دادگای‌ میكۆنووس دا‌و هه‌روه‌ها سێهه‌مین ساڵی‌ هه‌ڵواسینی‌ له‌وحه‌ی‌ یادكردنه‌وه‌ی‌ قوربانییه‌كانی‌ ئه‌و تێرۆره‌، له‌ بانگه‌وازێك دا داوای‌ له‌ گشت ئازادیخوازان كردوه‌ كه‌:
بۆ مه‌حكوومكردنی‌ تێرۆریزمی‌ ده‌وڵه‌تیی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران یادكردنه‌وه‌ له‌ سه‌رجه‌م قوربانییه‌كانی‌ ده‌ست ئه‌م رێژیمه‌ دژه‌ ئازادییه‌ له‌ماوه‌ی‌ 28 ساڵی‌ رابردوودا‌و به‌ تایبه‌تی‌ قوربانییه‌كانی‌ تێرۆری‌ میكۆنووس، دوكتور سادق شه‌ره‌فكه‌ندی‌، فه‌تاح عه‌بدوولی‌، هومایون ئه‌رده‌ڵان‌و نووری‌ دێهكوردی‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك دا كه‌ له‌ رۆژی‌ هه‌ینی‌، 20ی‌ ئاڤریلی‌ 2007 (31ی‌ خاكه‌لێوه‌)دا پێك دێ‌ به‌شداری‌ بكه‌ن.
ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بۆ به‌شداران ده‌دوێن بریتین له‌:
سارا دێهكوردی‌ (له‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ قوربانییه‌كانی‌ تێرۆری‌ میكۆنووس)
هانس یوئاخیم ئیریگ (پارێزه‌ری‌ قوربانییه‌كانی‌ تێرۆره‌كه‌ له‌ دادگای‌ میكۆنووس دا)
نوێنه‌ری‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران
شوێن: به‌رانبه‌ر رێستوورانی‌ پێشووی‌ میكۆنووس، به‌رانبه‌ر له‌وحه‌ی‌ یادكردنه‌وه‌
Prager Str.2a, Berlin- Wilmersdorf, U 9 - Güntzelstraße
كات: هه‌ینی‌، 20ی‌ ئاڤریلی‌ 2007، كاتژمێر 12
پێكهێنه‌ر: كومیته‌ی‌ پێكهێنانی‌ رێوڕه‌سمی‌ ده‌یه‌مین ساڵیادی‌ ده‌رچوونی‌ حوكمی‌ دادگای‌ میكۆنووس له‌ بێرلین
ناونیشانی‌ پێوه‌ندیگرتن:
Kupg-iran@yahoo.de
1647761-(0)172-0049

جێی‌ وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ 17ی‌ سێپتامبری‌ 1992 (26ی‌ خه‌رمانانی‌ 1371)دا، دوكتور سادق شه‌ره‌فكه‌ندی‌، سكرتێری‌ ئه‌وكاتی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران‌و هاوڕێكانی‌ كاك فه‌تاح عه‌بدوولی‌، كاك هومایون ئه‌رده‌ڵان‌و دۆستی‌ PDKI، نووری‌ دێهكوردی‌ له‌ رێستورانی‌ میكۆنووسی‌ ئاڵمان دا له‌لایه‌ن گرووپێكی‌ تێرۆریستیی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێرانه‌وه‌ شه‌هید كران. پاش سێ‌ ساڵ‌‌و نیو لێكۆڵینه‌وه‌ دادگای‌ بێرلینی‌ ئاڵمان له‌ 10ی‌ ئاڤریلی‌ 1997 (21ی‌ خاكه‌لێوه‌ی‌ 1376)دا بۆ یه‌كه‌مین جار حوكمی‌ مه‌حكوومكردنی‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی‌ ئه‌و تێرۆره‌‌و كاربه‌ده‌ستانی‌ پایه‌به‌رزی‌ رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ وه‌ك بڕیارده‌رانی‌ ئه‌و تێرۆره‌ ده‌ركرد.

سه‌ره‌تای باسه‌که‌م‌


دواترین | په‌ڕگه‌ی 225 له‌ 373 | ‌په‌ڕگه‌ی ڕابردوو