یادی وڵاتەکەم دەکەم

هه‌موو رۆژێ یادتان ده‌که‌م

وڵاته‌که‌م، ئه‌وه‌ 29 ساڵی ره‌به‌قه‌و من به‌درێژایی ته‌مه‌نم یادت ده‌که‌م! له‌ مێژووی ته‌مه‌نی نگریس و چه‌په‌ڵی داگیر که‌ردا، هه‌ر ده‌تچه‌وسێننه‌وه‌ و رۆژ نییه‌ که‌ کاره‌ساتت بۆ درووست نه‌که‌ن! وڵاته‌که‌م، من له‌مێژ ساڵه‌ دیمه‌نی پڕ ئه‌وینی تۆم نه‌بینیوه‌! روخساریان هێنده‌ شێواندووی که‌ من داخه‌که‌م زۆر به‌ سه‌ختی ده‌تناسمه‌وه‌! وڵاته‌که‌م، من له‌ ناخی دڵمه‌وه‌ یادت ده‌که‌م!  دووژمنانت که‌ چاوی دیتنی سروشتی جوان و رازاوه‌ی تۆیان نییه، ده‌یانهه‌وێ له‌ناوت به‌رن، ده‌یانهه‌وێ بت توێنه‌وه،‌‌ رووباره‌کانت ووشک ده‌که‌ن، دارستانه‌کانت ده‌سووتێنن و گوونده‌کانت به‌ ئاگرو‌ ئاسن وێران ده‌که‌ن! وڵاته‌که‌م، رۆژ نیه‌ که‌  دوژمنی خوێنرێژ رۆڵه‌کانت به‌ بیانووی جۆراوجۆر له‌ چاڵه‌ره‌شه‌کان نه‌خه‌ن،  ئازار و شکه‌نجه‌یان نه‌ده‌ن وشه‌هیدیان نه‌که‌ن! وڵاته‌که‌م، له‌ وڵاتی سارد و سۆڵه‌وه‌ یادت ده‌که‌م، له‌ وڵاتی به‌فرستانه‌وه‌ که‌ سرووشتی وه‌ک سرووشتی تۆ پاک و بێگه‌رده‌، به‌ڵام حه‌یف به‌ هه‌زاران فه‌رسه‌خ له‌ تۆوه‌ دووره‌! وڵاته‌که‌م، یادی ئاوو هه‌واو یادی که‌ژو کێوو کوێستانه‌کانت ده‌که‌م، یادی دارو ده‌وه‌ن و دارستانه‌کانت ده‌که‌م، یادی یاران و خه‌ڵکه‌ مێهره‌بان و نیشتمانپه‌روه‌ره‌که‌ت ده‌که‌م! وڵاته‌که‌م من یادی تۆ ده‌که‌م، من  یادی بست به‌ بستی خاکه‌که‌ت ده‌که‌م

درێژه‌ی باسه‌که‌م‌

ده‌ربه‌ده‌ری

ده‌ربه‌ده‌ری

ده‌یان ساله‌ له‌ خاکی خۆم چه‌وساوه‌ی ده‌ستی زۆردارم

بۆ نان و ئاو و ئازادی ده‌ست له‌ملی ده‌ردوو ژانم

به‌ ناچاری به‌غه‌مباری چاره‌م نه‌ما، ده‌ربه‌ده‌ری

ماوه‌ێکیش له‌ هه‌نده‌ران له‌ ولاتی دوستی زۆرداران

به‌ برسێتی چاوبه‌ گریان هه‌نییسکم دا هه‌تا به‌یان

 شه‌هلا رسول نژاد

درێژه‌ی باسه‌که‌م‌

من پێشمه‌رگه‌م

بە بۆنەی هاتنی 26ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان 

من پێشمه‌رگه‌م

 من شۆره‌سوارێكم  وچانم نییه

هه‌ناسه‌ی رێبوارێكی ماندوونه‌ناسم

 من بیناییم

 تارمایی شه‌وه‌زه‌نگی بێ ئه‌ستێره ده‌ره‌وێنمه‌وه

 من وزه‌م

هه‌نگاوی ئه‌ویندارانی سه‌ربه‌ستی وڵاته‌كه‌م به‌گوڕتر و قایمتر ده‌كه‌م

 من چریكه‌‌م

 حه‌ماسه خوڵقێنی بێ پسانه‌وه‌ی هاواری گه‌لێكی ماف خوراوم

 من سارۆم

 پێشه‌نگی كاروانێكی نه‌حه‌ساوه‌م

 من پێشمەرگەم

ڕۆڵه‌ی نیشتمانێكی له‌ت له‌ت و داگیر كراوم

 من ئاگریم قه‌ندیلم شاهۆم

له‌جێی خۆم گورج و قاییم راوه‌ستاوم

 من دره‌ختێكی باڵابه‌رزم

نه ڕه‌شه‌با ڕامده‌چڵه‌كێنێ و نه تۆفانی داپڵۆسێنه‌ر

من گورجوگۆڵم

نه به‌سته‌ڵه‌ك وشكم هه‌ڵدێنێ و نه به‌فری زستانی تووش

 من هەڵۆی بەرزەفرم 

ئاسۆی روون ده‌بینم و موژده‌ی ئازادی دێنم

من پێنووسم

تابلۆی داستانی ئه‌م شۆڕشه‌م‌ به‌ خه‌تی زێڕین ده‌كێشمه‌وه

 من مێژووم

بیره‌وه‌ری‌یه‌كانی پێشمه‌رگایه‌تیم بۆ نه‌وه‌كان ده‌گێرمه‌وه

 ئه‌میـــــر ســوڵتانی  26ی سەرماوەز 1385

درێژه‌ی باسه‌که‌م‌

ئـــــــــــــــازار

ئـــــــــــــــازار، ئاکۆ ئه‌لیاسی

له‌ نێوانی من و تۆدا
بێجگه‌ ئازار، چی دی ناڕوێ
من قاقڕی خه‌رمانانم،
له‌ به‌هاری سه‌وزی ته‌مه‌ن
ویشک ئه‌بم و مڵۆ ... مڵۆ
له‌ هه‌ناوما ، به‌ بڵێسه‌ی ژانی دووریت ئه‌سووتێم
وه‌ک شۆرابه‌ی چنووره‌ی به‌ر نسێی ته‌مه‌ن
به‌ده‌م گڤه‌ی زرانه‌وه‌
ئارام ... ئارم ... ئه‌توێمه‌وه‌
تۆش وه‌ک شه‌ماڵ
بزۆز ، سه‌ر شێت ...
یاخی دێیت و سه‌رکه‌ش ئه‌رویت
منیش وێنه‌ی زه‌رده‌ی له‌ که‌ل به‌جێ ماوی
سارد و سڕی ئه‌م پاییزه‌
ورده‌خه‌می ... هه‌ڵوه‌ریوی
کێڵگه‌ی زامی
ئه‌وینداریت
ئه‌چنمه‌وه‌

..
ئاکۆ ئه‌لیاسی
2007.11.13

درێژه‌ی باسه‌که‌م‌

قەڵەم

قه‌ڵه‌م  خالید شه‌یدا

زۆر جار تفه‌نگ ناتوانێ
سه‌نگه‌رێ له‌ دوژمن بگرێ
یان وره‌ی سه‌ركرده‌یه‌ك بروخێنێ
به‌ڵام قه‌ڵه‌م كه‌ تووره‌ بوو
نه‌ سه‌رۆك ده‌ناسێ نه‌ سه‌ركرده
هه‌ر ته‌نیا به‌ ووشه‌
پڕی ناو دڵیان ترس ده‌كا و
ده‌سته‌ڵاتیان پێله‌ق ده‌كا
سه‌رۆكه‌كان باكیان
له‌ گولله‌ی تفه‌نگ نیه‌
وه‌ڵی هه‌ر نووسینێك
له‌سه‌ر لاپه‌ره‌ی هه‌ر ڕۆژنامه‌ و گۆڤارێك
ببینن و بیخوێنه‌وه‌
یه‌كسه‌ر زوو له‌ ترسانه زنده‌قیان ده‌چێ و‌
زراویان ده‌ڕژێ
ده‌زانن ئه‌م میلله‌ته‌ به‌ جارێ له‌م ژیانه‌
نارازیه‌ و ...
كورسی و ده‌سته‌ڵاتیان
له‌ ده‌ست ده‌چێ
با باش بزانن ئه‌م میلله‌ته‌
زۆر بێزاره ...
له‌ تووره‌یان دڵیان
بوویته‌ گركانێكی گه‌وره‌
گه‌ر گڕ بگرن
تا دونیا به‌ جارێ سه‌راو و ژێر نه‌كه‌ن
زۆر مه‌حاله‌ به‌ ئاسانی
دابمركێن ...........

خالید شه‌یدا
هانۆڤه‌ر 06.09.07

درێژه‌ی باسه‌که‌م‌

هه‌موو رێگاکان

هه‌موو رێگاکان  (رەحیم رەشیدی)
ئه‌م رۆژانه پتر له رۆژانی ڕابردوو دڵته‌نگ ده‌بم. ئه‌م رۆژانه به‌ڵام قه‌ت هیوا بڕاو نابم. من به هیواوو هیوادارییه‌وه ده‌ژیم.

هیوا به باشتر بوون‌و له‌وه‌ش مه‌زنترو گرینگتر هه‌وڵدان بۆ باشتر کردن ئه‌رکی هه‌میشه‌یی ئێمه‌یه‌.زۆر جاران گله‌یم لێ ده‌که‌یت بۆ نامه‌ت بۆ نانێرم‌و دیارم نییه؟ بۆ حاڵ‌و ئه‌حواڵت ناپرسم‌و له لێت بی ئاگام...

عه‌زیزی خه‌ونه‌کانی من، من له‌گه‌ڵ بارینی هه‌ر بارانێک، له‌‌گه‌ڵ پیاسه‌ی هه‌ر ئێواره‌یه‌کی ئه‌م وڵاته که قورسایی خه‌مه‌کانی من تێیدا جێنابێته‌وه، له‌گه‌ڵ بۆن کردنی هه‌ر بۆن‌و دیتنی هه‌ر دیمه‌نێکی ڕازاوه‌ تۆ له‌گه‌ڵمیت‌‌و ده‌تبینم‌و ده‌تبیستم...

هه‌زاران ئاواتم پێکه‌وه ناووه، هه‌زاران‌و بگره زۆر پتریش رێگا تاقی ده‌که‌مه‌وه که ئێواره‌یه‌ک له نه‌کاو له پشته‌وه باوشت گرم‌و تێر بۆنت که‌م، هێنده به خۆمه‌وه هه‌ڵتگلۆفم‌و وه‌ها ڕاتمووسم که بتخوسێنم.

عه‌زیزی، عه‌زیزی من، له هه‌موو ساته‌کانی ژیانی من‌دا ئاماده‌یت‌، له شادی، غه‌م، بزه‌و دڵته‌نگیه‌کانم‌دا. وجودم گرێدراوی تۆو هه‌ستم ئاوێته‌ی رۆحی پاک‌و ئاشقته.

کاتێک ته‌نیایی داگیرم ده‌کات، کاتێک هیچ شتێک جیا له بیره‌وه‌ری شک نابه‌م، دڵم زۆرتر ده‌گێرێت، هێنده که بۆغزی گریانێکی به ژان سه‌رتاپای وجوودم داگیر ده‌کات.

حه‌زم ده‌کرد ئێستا لامبای، له ته‌نیشتم ڕاوه‌ستابای تاکوو شانه پڕ له مێره‌بانی‌یه‌کانت بکه‌مه‌ په‌ناگای متمانه پێکراوی غه‌مه‌کانم، یان به‌رانبه‌رم ڕاوستابایت‌و من هه‌ستم به بوونی قه‌ڵاو کێوێکی گه‌وره له وره‌و ئیمان کردبا که هه‌میشه له تاڵترین دۆخه‌کاندا به پشتمه‌وه‌یه‌و ته‌سلیمی تاریکی‌و بێ چاره‌نووسیم ناکات...

عه‌زیزم، هه‌موو وجودم داوات ده‌کات.

راستی ئه‌زانیت که خۆشم ئه‌وێیت، تێده‌گه‌یت که من بۆ گه‌یشتن بۆ تۆ، بۆ لادانی پرچه‌کانت، بۆ ره‌نگکردنی نینۆکه‌کانت، بۆ له ئامێز گرتن‌و تێئاڵانت‌و تێئاڵانمان، بۆ بارانو بارین به‌سه‌رتا هه‌موو رێگاکان ده‌گرمه‌به‌ر، هه‌موو زه‌ریاکان تێپه‌ر ده‌که‌م‌و زۆر سنووران ده‌نێمه پشت سه‌ر. ده‌زانیت، یان زانیووته؟

نازانم ئێستا له کوێیت‌و سه‌رقاڵی چێت، نازانم غه‌می کام ئێواره‌ی سه‌فه‌رت به شانه‌ نه‌رم‌و په‌مه‌یه‌کانت هه‌ڵگرتووه، تێناگه‌م‌و بێئاگام که چ بۆن‌و سوراوێکت له جانتا بچوکه شینه‌که‌ت‌دا هه‌ڵگرتووه؟! نازانم بۆ کێ خۆت جوان‌و نه‌شمیلانه ده‌که‌یت‌و له‌نجه‌ولاری خانمانه‌ت‌ له کامێرای کام چاودا ده‌گیرسێته‌وه؟ له‌وانه‌یه پیاوێک که قه‌‌ت ئاشق نه‌بێت؟ نازانم...

نازانم چه‌نده باڵات کردووه، نازانم که سه‌رماته له چ باوشێکدا گرمۆڵه ده‌بیت، نازانم که دڵته‌نگیت له‌‌گه‌ڵ کێ قسه ده‌که‌یت، نازانم که ده‌رۆیت بۆ سه‌فه‌ر کام جلوبه‌رگ ده‌پۆشی، نازانم که ژانه‌سه‌ر ده‌گریت کێ شان‌و ملت بۆ ده‌شێلێ. هه‌موو ئه‌مانه ئه‌بنه غه‌م‌و زۆرتر من خۆم ده‌خۆمه‌وه، ئه‌ونده که پڕ ده‌بم له تۆ، له یاده‌کانت، له ئازایه‌تیت، له نه‌ریت شکێنی‌و سنوور به‌زاندنت.
من تاکوو کۆتایی خۆداکان چاوه‌رێت ده‌مێنمه‌وه، ده‌رکه‌وه‌و به‌سه‌ر جه‌سته‌ی ماندوم‌دا ببارێ...

ده‌رکه‌وه‌و بمبینه‌وه، بمبینه‌وه‌و به ماچ کردن‌و له ئامێز گرتنم بۆ هه‌میشه داگیرم که.

درێژه‌ی باسه‌که‌م‌

سێ تابلۆی شێواو

سێ تابلۆی شێواو، ئاکۆ ئه‌لیاسی

(1)
له‌ هه‌ناوی بێده‌نگی دا
پووره‌ی هه‌نگی بیرکردنه‌وه‌م ده‌شڵی ژێنم
چ سه‌خته‌ ڕێیه‌که‌ تا سه‌رکه‌وتن،
تابه‌ لووتکه‌دا هه‌ڵزنێی و
به‌ پرچی خۆری زێڕین و گه‌ش
سۆمای چاوی تاسه‌ی سبه‌ی
پێ بڕێژی
(2)
چ تابلۆیه‌کی شێواوه‌ ئه‌م کاروانه‌
وه‌ک گه‌واڵه‌ هه‌وری ئاسمان،
با هه‌ر پۆلێک،
له‌ بۆ لایه‌ک ڕاده‌ده‌ێرێ،
حه‌زمان به‌ده‌ور خۆزیای باران
سه‌ما ئه‌کا،
به‌ڵام کوانێ
له‌ هه‌وری بابرده‌ڵه‌،
باران به‌خوڕڕ دێته‌ خوارێ؟!
(3)
چ شێعرێکی ناته‌واوه‌ ئه‌م مێژووه‌!
وشه‌ی ڕق و ده‌سته‌ واژه‌ و په‌یڤی کینه‌
دای ته‌نیووه‌!
چه‌قۆ و خوێن و خۆ خۆریمان قافیه‌یه‌تی،
ده‌ڵێی دارستانێکه‌ په‌شێو،
له‌ خه‌زانی پاییزانا،
له‌ حه‌ژمه‌تا
پرچ و سه‌ری خۆی ڕنیووه‌!!

درێژه‌ی باسه‌که‌م‌

هەردێمەوە

ئه‌ی مامۆستای مه‌زن و زانا

ئه‌ی مامۆستای مه‌زن و زانا

درێژه‌ی باسه‌که‌م‌

چیرۆکی رەئیس رەمەزان!

 به‌رهه‌مێكی دیكه‌ی فه‌رهاد پیرباڵ بۆ سه‌ر زمانی فارسی وه‌رگێرِدرا

 PNA- چیرۆكی ره‌ئیس ره‌مه‌زان كه‌ له‌ نووسنی (د.فه‌رهاد پیرباڵ)ـه‌ له‌ لایه‌ن موختار شوكری پورـه‌وه‌ وه‌رگێردراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی فارسی و به‌م زووانه‌ بڵاو ده‌بێته‌وه‌.    
ئه‌م چیرۆكه‌ وێنه‌یه‌كی بچووكی ره‌فتاره‌ توندوتیژه‌كانی دیكتاتۆرێك پیشان ده‌دات له‌ كۆمه‌ڵگاییه‌كی چه‌وساوه‌دا.
به‌پێی ماڵپه‌ری هه‌واڵی مێهر موختار شوكری پوور به‌ هاوكاری فه‌ریاد شیری به‌م دواییانه‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعرێكی شاعیره‌ كورده‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی وه‌رگێراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی فارسی.
هه‌وره‌ها كۆمه‌ڵه‌ شیعری فه‌رهاد پیرباڵ له‌ به‌رنامه‌ی ره‌خنه‌ی په‌رتووكدا له‌ لایه‌ن موختار شوكری پوره‌وه‌ خرایه‌ به‌ر ره‌خنه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌.

درێژه‌ی باسه‌که‌م‌


دواترین | په‌ڕگه‌ی 1 له‌ 3 | ‌په‌ڕگه‌ی ڕابردوو